سەردێڕ:

عێراق پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازی ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2021-01-25

593 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانی هەیە ٩٠٠ ملیۆن پێ چوارگۆشە غازی سروشتی لە کێڵگەکانی نەوت و غازی پارێزگاکانی بەسرە و میسان و زیقار بەرهەمبهێنێت.


وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانی هەیە ٩٠٠ ملیۆن پێ چوارگۆشە غازی سروشتی لە کێڵگەکانی نەوت و غازی پارێزگاکانی بەسرە و میسان و زیقار بەرهەمبهێنێت.

حامد یونس بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەت چەند پلانێکی داناوە بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی پارێزگاکانی باشور.

راشیگەیاند، ئەو بڕە غازەی لە ئێستادا بەرهەمدەهێنرێت دەگاتە هەزار و ٥٠٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە رۆژێکدا.

ئاماژەی بەوەشدا، پلانەکە زیادکردنی رۆژانەی بەرهەمهێنانی ٤٠٠ ملیۆن پێ چوارگۆشە غازە لە کێڵگەی ئەرتاوی لە بەسرە و زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن پێ چوارگۆشە غاز لە پارێزگاکانی میسان و زیقار.

هاوکات، بەرپرسێکی نەوت ئاشکرای کرد، بەرهەمهێنانی نیشتیمانی غاز بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکان عێراق ناکات تا بتوانێت سەرجەم وێستگەکانی کارەبای پێ بخاتەکار، هەر بۆیە کاردەکات بۆ هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە.

پێشتر، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان عێراق بڕی ١٣٢ ترلیۆن پێ چوارگۆشە غازی خەزنکراوی هەیە، بەڵام لە ئێستادا رۆژانە ٧٠٠ ملیۆن پێ چوارگۆشە غاز لە هەوادا دەسوتێت بەهۆی ئەوەی بەرهەم نەهێنراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستا عێراق رۆژانە لە رێگەی دوو بۆری سەرەکییەوە و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، پێنج ملیۆن مەتر چوارگۆشە غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات.