سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەگەر هەیە بە ناوی کێشەی هونەرییەوە هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە دوابخرێت

فۆتۆ: 
2021-01-24

2037 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر ھەیە هەڵبژاردنی پێشوەختەى عیراق لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ئەنجام نەدرێت و جارێکی تر دوابخرێت، بێگومان ھۆکاری دواخستنەکەش ناو دەنرێت کێشەی ھونەری.


ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر ھەیە هەڵبژاردنی پێشوەختەى عیراق لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ئەنجام نەدرێت و جارێکی تر دوابخرێت و ھۆکاری دواخستنەکەش ناودەنرێت کێشەی ھونەری.

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، "بابەتى هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر لەیەک ساڵە جێگای گفتوگۆ و کێبڕکێیە لە عێراق و پرۆژەی بۆ ئامادەکراوە و یاسای بۆ دانرا ئینجا کۆمیسیۆن و قانونی تمویلی هەڵبژاردن دەرکرا بۆ ئەو بابەتە سەدان کۆبوونەوە ئەنجامدرا، بەڵام هێشتا دیار نیە ئەنجامەکەی چی دەبێت"، دەشڵێت، "تا ئێستا چەندەھا حزب و لیست و ھاوپەیمانی نوێ بە ناوی راپەرینی تشرینەوە خۆیان ناونووس کردوە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەى عێراق".

ئەوەشى خستۆتەڕوو، "هێشتا ١٠مانگی ماوە بۆ وادەی هەڵبژاردن، گرژی و ئاڵۆزییەکان دەستی پێکردوە، بەوەش دەیانەوێت دەستی حکومەت ببەستنەوە کە نەتوانێت هەڵبژاردنەکە کە لەو ماوەیەی دیاریکراوە ئەنجام بدرێت".

باسی لەوەشکردووە، "دەستنیشانکردنی ئەو وادەیە ناڕەزاییەکی زۆر بە دوای خۆیدا ھێناوە و زۆرێک لەلایەنەکان داوای گۆڕینی دەکەن و نائارامی سیاسییش کاریگەرى هەیە لە ئەنجامدان یا ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتى خۆیدا".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق راشیگەیاندووە، "کازمی خۆی لە بەرەى خۆپیشاندەران دەبنێت، پێیوایە لە ئەنجامی خۆپیشاندانی ئەوان هاتووەتە سەر کورسی، بۆیە ئەو کاتە بەدڵی خۆی دەزانێ و لایەنەکانی تریش بە کاتێکی کوشندەی دەزانن".

پێشتر، بڕیاربوو لە ٦ی ٦ی ٢٠٢١دا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام هەفتەى رابردوو، کۆمیسۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بریاریدا هەڵبژاردرنى پەرلەمانى عێراق بۆ مانگى ١٠ى ئەمساڵ دوابخرێت.