سەردێڕ:

پلانی ١٠٠ رۆژی داهاتووی بایدن

فۆتۆ: 
2021-01-24

1832 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، جۆ بایدن بە جانتایەکی پڕ لە بەڵێنی پەیوەست بە دۆسییەکانی ناوخۆ و کۆرۆنا و ئابوری و سیاسەتی دەرەکی و هاریکاری نێودەوڵەتییەوە چووە ناو کۆشکی سپییەوە.


رۆژی چوارشەممەی رابردوو، جۆ بایدن بە جانتایەکی پڕ لە بەڵێنی پەیوەست بە دۆسییەکانی ناوخۆ و کۆرۆنا و ئابوری و سیاسەتی دەرەکی و هاریکاری نێودەوڵەتییەوە چووە ناو کۆشکی سپییەوە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ پاش دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر جێبەجێکردنی چەندین فەرمانی پەیوەست بە گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ رێککەوتنی پاریس بۆ کەش و هەوا و رێکخراوی تەندروستی جیهانی پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوو لێی کشایەوە.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بایدن بەڵێنیداوە لە ماوەی ١٠٠ رۆژدا کۆمەڵێک ئامانج بەدەستبهێنێت. لە نێویاندا ١٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین دابەشبکات و دەرگای قوتابخانەکان بکاتەوە و پرۆژەی پلانی رزگارکردنی ئابوری بە بەهای یەک ترلیۆن و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێبکات.

هاوکات، بایدن پێشنیازێکی نوێ لەبارەی دۆسییەی کۆچ و پەنابەران و بەدەستهێنانی رەگەزنامەی ئەمریکی و رێگەدان بە گەشتکردنی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێکی زۆرینە موسڵمان دەستپێبکاتەوە، کە پێشتر ترەمپ هەموویانی راگرتبوو.

چاودێران لەو باوەڕەدان، بەهۆی ئەوەی ٥٠ ئەندامی ئەنجومەنی پیران سەر بە کۆمارییەکانن، تێپەڕاندنی بڕیارەکانی بایدن ئاسان نەبێت، بەڵام بەهۆی ئامادەیی کامالا هاریسی جێگری کە خاوەنی دوا بڕیارە لە کۆنگرێسدا کاریگەری دەبێت لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکان.

گۆڕانکارییەکانی بایدن تەنانەت نوسینگە تایبەتییەکەی خۆیشی گرتەوە لە گۆڕینی پەردەکان بۆ رەنگی زەرد ودانانی هێمای رێزگرتنی مەدەنی و رەتکردنەوەی رەگەزپەرستی و گۆڕینی فەرشە سورەکەی بە فەرشێکی شین کە لۆگۆی سەرۆکایەتی لەسەرە.

هاوکات، وێنەی "باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا"ی هەڵواسییەوە و ئەو بەردەی تیمی "ئەپۆلۆ17" لەگەڵ خۆیان لەسەر رووی مانگەوە هێنایانەوە و تەمەنی سێ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن ساڵە لەسەر یەکێک لە رەفەکان داناوە.