سەردێڕ:

زانیاریی نوێ لەبارەی هاوردەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هەرێم

فۆتۆ: 
2021-01-23

1529 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر رایگەیاند، حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە دانوستاندایە بۆ کڕینی ڤاکسین، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین كۆبوونەوەی کردووە و نوێنەری ھەموو پارێزگاكان تیایدا ئامادەبوون.


بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر رایگەیاند، حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە دانوستاندایە بۆ کڕینی ڤاکسین، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین كۆبوونەوەی کردووە و نوێنەری ھەموو پارێزگاكان تیایدا ئامادەبوون.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، "حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی عێراق ئەوانیش ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بكڕن، بەڵام تاوەكو ئێستا یەكلانەبووەتەوە كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ڤاكسین دەكڕێت، چونكە ئەوە پێویستی بە رێككەوتن ھەیە".

راشیگەیاند، حكومەتی ھەرێم ئامادەیی نیشانداوە كە ڤاكسین بكڕێت و چەندین كۆبوونەوە كراوە و نوێنەری ھەموو پارێزگاكان ئامادەییان هەبووە، هەروەها وەزارەتی تەندروستی راسپێردراوە بەو كارە ھەڵسێت و ئەوان گفتوگۆكان بكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتی عێراق گرێبەستی بۆ كڕینی ملیۆنێك و٦٠٠ هەزار ڤاكسین واژۆکردووە و رێكارەكان تەواوبوون و بڕیارە لە كۆتایی مانگی داھاتوودا بگاتە دەستیان، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەكارییەك كراوە.

دەشڵێت، "لەو ڤاكسینەی حكومەتی عێراق كڕیویەتی، پشكی ھەرێمی كوردستانی تێدایە و ئێمەش چەندین تیممان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی كە گەیشت دەست بە بەكارھێنانی بكەین".

ئەوەشی خستەڕوو، سەرەتا لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی و ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستپێدەکەن و دواتریش كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لە کۆتایدا دەدرێت بە خەڵكی ئاسایی.