سەردێڕ:

دوای مانگێک لە راگەیاندنی رێککەوتن؛ شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

فۆتۆ: 
2021-01-23

1696 جار خوێندراوەتەوە

مانگێک تێپەڕيوە بەسەر ئەو لێدوانەی جێگری سەرۆکی حکومەت کە باس لەوە دەکات، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رێككەوتوون لەسەر پشكی ھە‌رێم لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجەی ٢٠٢١، بەڵام تازە حکومەتی هەرێم باس لە چوونی شاند بۆ بەغدا دەکات.


مانگێک تێپەڕيوە بەسەر ئەو لێدوانەی جێگری سەرۆکی حکومەت کە باس لەوە دەکات، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رێككەوتوون لەسەر پشكی ھە‌رێم لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجەی ٢٠٢١، بەڵام تازە حکومەتی هەرێم باس لە چوونی شاند بۆ بەغدا دەکات.

لە نوێترین لێدواندا، نوێنەرايەتی حکومەتی هەرێم باسی لە چوونی دوو شاندی هەرێم کردووە بۆ بەغدا، کە يەکەميان شاندێکی حکوميە و بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب وەزیری دارایی رۆژی یەکشەممە سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە.

لەوبارەوە فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لە بارەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، کە ئێستا پڕۆژەیاساکەی لە پەرلەمانە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.

سەبارەت بە سەردانی شاندی سیاسی هەرێمیش، کە لە سەرۆکایەتی هەرێم بڕیاری لێدراوە، فارس عیسا وتی، تا ئێستا کاتی ئەو سەردانە دیارینەکراوە.

رۆژی ٢١ی ئەم مانگەش دارا رەشید وەزیرى پلاندانانى هەرێم رایگەیاند، هەرێم رازییە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى هەرێم بە کۆمپانیاى سۆمۆ و سەدا ٥٠ى داهاتى ناوخۆ بدرێت بە بەغدا لە بەرامبەر دابینکردنى شایستە داراییەکانى هەرێم و بڕیار لەسەر رێککەوتن دەدرێت.

بەشێک لە چاودێرانی سياسی باس لەوە دەکەن، لە سەردانەکانی پێشوی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم هيچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و حکومەتی هەرێم تەنها کات بەڕێدەکات.

چاودێران باس لەوەشدەکەن، هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی يەکێتی نيشتيمانی کوردستان لێدوانی جياوازياندا لەبارەی ئاگادارنەبوونيان لە دۆسييەی فرۆشتنی نەوت، بەڵام يەکێتی ئاگاداری داهاتی نەوتە، چونکە نەوتی هەرێم بەشێکی دەکەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئيدارەی گەرميانەوە.

سەبارەت بە ئەو شاندانەی هەرێميش کە سەردانی بەغدا دەکەن، چاودێران دەڵێن، ئەو شاندانەی دەنێردرێنە بەغدا هيچيان پێناکرێت، چونکە خاوەن بڕيار نين.

لە ئێستادا ١٢ ڕۆژ ماوە تا ليژنەی دارايی لە پەرلەمانی عێراق راپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژە ياسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق ئامادە بکات، بۆيە پێويستە لەو ماوەيەدا شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت تا لە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە ياساکە بکرێت و پەسەند بکرێت.