سەردێڕ:

ئێران ئامادەیی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کەنداودا دەربڕی

فۆتۆ: 
2021-01-22

1621 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران لەوەڵامی بانگهێشتنامەکەی قەتەڕ و کوەیتدا رایگەیاند، ئێران ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا.


وەزیری دەرەوەی ئێران لەوەڵامی بانگهێشتنامەکەی قەتەڕ و کوەیتدا رایگەیاند، ئێران ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێراندا باسی لەوەکردووە، ئێران هەمیشە دەستی هاوڕێیەتی بۆ وڵاتانی کەنداو درێژکردووە، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە موڵکی هەموو وڵاتانی ناوییەتی و پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەکەش لە ئەستۆی هەموو لایەکدایە، دەشڵێت، "تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی گروپێکی دیاریکراودایە."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتانی کەنداو لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەرفەتی دیالۆگیان لەگەڵ ئێران لەدەستدا، دەشڵێت، ئێستا ترەمپ رۆیشتوە و ئێمە و وڵاتانی کەنداو ماوینەتەوە و جەختیش لەوەدەکاتەوە، "دەبێت وڵاتانی کەنداو درک بەوەبکەن کە سەرۆکەکانی ئێران و ئەمریکا دەگۆڕێن، بەڵام ئەوان دەمێننەوە."

پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرەو ئاڵۆزبوون چووە، بەتایبەت لەدوای ئەوەی ئێران دەستی بەسەر چەند کەشتیەکی نەوت گوێزەرەوەدا لە سنورە ئاویەکانی وڵاتەکەیدا لە کەنداو گرت، هەروەها ئەنجامدانی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە، کە هەریەک لە واشنتۆن و ریاز، تارانیان بە ئەنجامدەری ئەو هێرشە تۆمەتبارکرد، بەڵام تاران رەتیکردەوە.

دواتریش، هەریکە لە کوەیت و قەتەڕ ئامادەییان بۆ نێوەندگیری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەربڕی و بەمەش ئاستی گرژییەکانی نێوانیان بەرەو قۆناغێکی دیکە هەنگاوی نا.