سەردێڕ:

کازمی فەرمانی گۆڕانکاری لە دەزگا ئەمنیەکانی عێراقدا دەرکرد

فۆتۆ: 
2021-01-21

3746 جار خوێندراوەتەوە

پاش تەقینەوەکانی بەغدادی پایتەخت سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی لەسەرکارلابردنی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و نە‌هێشتنی تیرۆر و چەند پەرپرسێکی دیکەی دەرکرد.


پاش تەقینەوەکانی بەغدادی پایتەخت سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی لەسەرکارلابردنی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و نە‌هێشتنی تیرۆر و چەند پەرپرسێکی دیکەی دەرکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی لەسەرکارلابردنی فەریق روکن عامر سەدام بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری دەرکرد و فەریق ئەحمەد ئەبورەغیفی بۆ ئەو پۆستە راسپارد.

هاوکات، عەبدولکەریم عەبدولفازیل بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و نەهێشتنی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ لەسەرکارلابرد و حەمید شەتری جێگری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی بۆ راپەراندنی ئەرکی ئیدارەی شانەی هەڵۆ دەستنیشانکرد و خستیە سەر شانەی سەرکردایەتی گشتی هێزە چەکدارەکان.

فەریق قەیس مەحمەداوی سەرۆکی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای بەغدادی گواستەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و لیوا روکن ئەحمەد سەلیمی بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە دەستنیشانکرد.

هەر لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، فەریق روکن جەعفەر بەتات سەرۆکی پۆلیسی فیدڕاڵی لەسەرکارلابرد و فەریق روکن رائید شاکر جەودەتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە دەستنیشانکرد.

هاوشێوەی بەرپرسەکانی دیکە، لیوا باسم مەجید بەڕێوەبەری هەواڵگری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای بەغدادی لە پۆستەکەی لادا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغدای پایتەختی عێراق دوو تەقینەوە لە ناوچەکانی باب شێخ و ساحە تەیران روویدا و بە وتەی وەزارەتی تەندروستی عێراقیش، بەهۆیانەوە ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ کەسیش برینداربوون.