سەردێڕ:

بەریتانیەک بەبێ ئاگایی ٢٧٠ ملیۆن دۆلار فڕێدەداتە ناو زبڵدانەوە

فۆتۆ: 
2021-01-21

19247 جار خوێندراوەتەوە

جەیمس هاوڵز، هاوڵاتیەکی بەریتانیایە، لە ساڵی ٢٠١٣دا هاردێکی کۆمپیوتەرەکەی فڕێداوە کە حەوت هەزار و ٥٠٠ دراوی بیتکۆینی تیادابووە کە دەکاتە ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.


جەیمس هاوڵز، هاوڵاتیەکی بەریتانیایە، لە ساڵی ٢٠١٣دا هاردێکی کۆمپیوتەرەکەی فڕێداوە کە حەوت هەزار و ٥٠٠ دراوی بیتکۆینی تیادابووە کە دەکاتە ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

ماڵپەری بزنس ئینسایدەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، جەیمس هاوڵز، هاوڵاتیەکی بەریتانیە و نیشتەجێی وێلزە و هاوکات، کارمەندی ئای تییە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوو هاردی کۆمپیوتەری هەبووە، دانەیەکیانی بە هەڵە فڕێداوە و وایزانیوە کۆپییەك لە هەژماری بیتکۆینەکەی لە هاردەکەی دیکەیدا هەڵگرتووە.

لەوبارەیەوە، جەیمس هاوڵز رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەو هاردەی فڕێداوە و ٧١ ملیۆن دۆلار وەکو دیاری دەبەخشێتە ئەو شارە بۆ ئەوەی هاردەکەی بۆ بدۆزنەوە.

داواشی لە شارەوانی کردووە یارمەتی بدەن لە گەڕان بەدوای هاردەکەیدا، بەڵام ئەو داوایەی رەتکراوەتەوە بەهۆی کاریگەریەکانی لەسەر ژینگەی ئەو ناوچەیە.

هاوکات ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، هاوڵز بیر لەوەدەکاتەوە راوێژ بە چەند شارەزایەکی بواری کۆمپیوتەر بکات بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ بکەن بە ئامانجی گەڕانەوەی بەشێک لە دراوەکەی لە هەژمارە کۆنەکەیدا.

لە رووداوێکی هاوشێوەدا، رۆژنامەی "زە تایم"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیفان تۆماس کە لەناوچەی سلیکۆن ڤالی دەژی، ناتوانێت دەستی بە سامانە ٢٤٥ ملیۆن دۆلارییەکەی بگات و بەکاریبهێنێت. لە ئێستادا پاسوۆردی هەژماری بیتکۆینەکەی لەبیرچووە و تائێستاش هەشت جار هەوڵی داوە بۆ ئەوەی پاسۆردەکەی بهێنێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزیش باسی لەوەکردووە، لە ساڵی ٢٠١١دا، نرخی هەر بیتکۆینێک بە ٣٢ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لە ئێستادا نرخی هەر بیتکۆینێک بە نزیکەی ٣٢ هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکیش دەرکەوتووە، لەساڵی ٢٠١٧دا یەک لەسەر پێنجی هەژمارەکانی بیتکۆین بەهۆی ئەوەی خاوەنەکانیان ژمارە نهێنییەکانیان لەبیرچووەتەوە، بلۆککراون.