سەردێڕ:

وەزیرى تەندروستی: بودجەى پێویست بۆ کڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا دابیندەکەین

فۆتۆ: 
2021-01-21

3306 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە لە کاتى گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا بودجەى پێویستى بۆ دابینبکات.


وەزیرى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە لە کاتى گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا بودجەى پێویستى بۆ دابینبکات.

سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنى ڤاکسینى کۆرۆنا بۆ بەغدا پشکى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە و دەگاتە دەستیان و لەلایەن لیژنەیەکى پسپۆڕیشەوە پلەبەندى بۆ ئەو کەسانە کراوە، کە ڤاکسینەکەیان پێدەدرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکى بەرهەمهێنەرى ڤاکسین لە گفتوگۆدان بۆ کڕینى راستەوخۆى ڤاکسینەکە، بەڵام ئاسان نییە چونکە بەرهەمهێنانی ڤاکسین زۆر سنووردارە و تەنیا چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.

وەزیرى تەندروستى هەرێم ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، بڕیارە کۆتایی مانگى دوو بەشى یەکەمى ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بگاتە عێراق، بەڵام تا ئێستا روون نییە ئەو کاتە دەگات یاخود نا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ١٠٥ هەزار و ٣٣٩ کەس توشی ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٨٩ هەزار و ٧٠٤ توشبوویان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و ٤٤٨ توشبووش گیانیان لەدەستداوە.