سەردێڕ:

دیموکراسی ئەمریکا گەورەترە لە دەسەڵات

بایدن دەستبەکاربوو
فۆتۆ: 
2021-01-20

5891 جار خوێندراوەتەوە

دوای چوار ساڵ لە سەرۆکایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بۆ مانەوە لە کۆشکی سپی، دیموکراسییەتی ئەمریکایی رێگەی نەدا بۆ یەک کاتژمێریش لە دەسەڵات بمێنێتەوە.


دوای چوار ساڵ لە سەرۆکایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بۆ مانەوە لە کۆشکی سپی، دیموکراسییەتی ئەمریکایی رێگەی نەدا بۆ یەک کاتژمێریش لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

بەشێک لە شارەزایان دەڵێن، تاریکترین و سەختترین چوار ساڵی ئیدارەی ئەمریکا کۆتاییهات، سەرۆکێک، کە ئەمریکییەکانی دوو کەرت کرد، پشتیکردە دیارترین پرەنسیپەکانی دەوڵەت و دیموکراسیەتی ئەمریکیشی خستە ژێر پرسیارەوە.

هەر لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر رکابەرەکانی، بە وەرگرتنی دەسەڵاتیش ئەجێندای جیاواز لە سەرۆکەکانی پێش خۆی خستەکار، دیارترین سیمای دەوڵەتداریەکەشی هەڵوەرینی وەزیرو بەرپرسانی کابینەکەی بوو.

نەرجسیەتی ترەمپ لەو کاتەدا دەرکەوت، کە خۆی سەپاند بەسەر رکابەرەکانی حزبەکەیدا و سەرەڕای دۆڕاندنیشی، لە ٣ی ١١ی ٢٠٢١دا، بوو بەیەکەم سەرۆک کە گومانی خستە سەر درووستی هەڵبژاردنەکان، لە رۆژی دواتریشدا، تیمەکەی لە زیاتر لە ١٧ ویلایەتی جیاوازدا سکاڵایان تۆمارکرد.

ئەو کاتەیش، دادگاکان ملکەچی داواکانی سەرۆک نەبوون، پەنای بردە بەر دادگای باڵا کە لەوێش بێ ئومێد کرا و رایگەیاند،" دادگای باڵا نە دانایی و نە ئازایەتی تیدایە".

لە ٦ی ئەم مانگەشدا، لەکاتێکدا هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێس لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ پەسەندکردنی هەڵبژاردنەکان، ترەمپ لە وتارێکدا هێرشیکردە سەر مایک پێنسی یاریدەدەری و ئەندامانی پارتی کۆماری و هانی لایەنگرانی دا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی کاپیتۆڵ کە بارەگای سەرەکی کۆنگرێسە.

دەرئەنجام دەستبەسەر کۆنگرێسدا گیرا، پێنج سەرباز کوژران و کۆنگرێسیش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەکارکەوت.

هەرچەندە ترەمپ ویستی دەست بگرێت بە کورسیەکەیەوە و بۆ ئەوەش، چەندین دادوەری نوێی دامەزراند و فشاری زۆری کرد، گەورەترین سوپای جیهان و سەدان بۆمبی ئەتۆمی لە بندەستدا بوو، بەڵام نەیتوانی یەک خولەک زیاتر بمێنێتەوە لەو کاتەی کە بە پێى دەستور بۆی دانراوە، هەربۆیە ئەمڕۆ بە ناچاری کۆشکی سپی بەجێهێشت.