سەردێڕ:

ڕوسیا.. حکومەت سەرکردەی ئۆپزسیۆنی دەستگیرکرد

فۆتۆ: 
2021-01-17

2151 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی ڕوسیا ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکەی لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە و لەفڕۆکەخانەی مۆسکۆ دەستگیرکرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی ڕوسیا ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکەی لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە و لەفڕۆکەخانەی مۆسکۆ دەستگیرکرد.
ئاژانسی ئینتەرفیکسی روسی لەزاری دەسەڵاتدارانی زیندانییەکانی روسیاوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی پۆلیسی ڕوسیا هەستاون بەدەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپزسیۆن و ڕەخنەگری ڤلادمیر پوتنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی ناڤالنی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئەڵمانیای کردبوو.
ناڤالنی، بەسواری هێڵی فڕۆکەوانی "پۆبیدا" لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە ڕوسیا، هاوکات ماڵپەری هەواڵی رۆیتەرز باسی لەوەکردووە، کە دەسەڵاتدارانی روسیا بە ناڤالنییان راگەیاندووە، کە ئەگەر بگەڕێتەوە وڵاتەکەی ئەوا دەستگیردەکرێت. بەگوێرەی شایەتحاڵەکانیش ناڤالی لە نوسینگەی پشکنینی پاسپۆرتەکان، دەستگیرکراوە.
هاوکات، ناڤالی لەو سەروبەندەدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "ئایا دەستگیرم دەکەن؟.. من بێ تاوانم".
لەلایەکی تریشەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا، لەکاتی پێشوازیکردنی ناڤالیدا، ژمارەیەک لە هاوڕێ و لایەنگرەکانی دەستگیرکراون.
لەمانگی ئابی ٢٠٢٠ەوە، ناڤالی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لەدوای ئەوەی لەکاتی گەڕانەوەی لە گەشتەکەی لە سیبیریاوە بۆ مۆسکۆ، بەمەبەستی بەشداریکردن لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا، بەسەختی بەهۆی ژەهرخواردکردنەوە نەخۆش کەوت. دواتر لەشاری مۆسک و بۆماوەی ٤٨ کاتژمێر لەشاری مۆسک لە نەخۆشخانە مایەوە و، دواتریش گوازرایەوە بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.
هەروەها، تاقیگەکانی یەکێتی ئەوروپاش ئاشکرایانکرد، ناڤالی لەلایەن گروپی "نۆڤیکۆک"ەوە ژەهرخواردکراوە، کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە و بەمەبستی ئامانجە سەربازییەکان دامەزراوە.
ناڤالی تەمەنی ٤٤ساڵە و، لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی گەندەڵییەکانی ڤلادمیر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا کردووە و، بەوهۆیەشەوە شەپۆلێکی خۆپێشاندان و ناڕەزایی و توڕەبوون لەدژی پوتن سەریهەڵدا، سەرباری هەڕەشەکانی کریملنیش بۆ دەستگیرکردنی لەئەگەری گەڕانەوەی بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ناڤالنی پەیمانیدا بگەڕێتەوە.