سەردێڕ:

ئەو کچەی باسی هونەرمەند کەریم کابانی کرد دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2021-01-17

30103 جار خوێندراوەتەوە

ئەو کچە مۆدێلەی کە لەگرتەڤیدیۆییەکدا ماتۆڕسکیلێک بەناوی هونەرمەند کەریم کابانەوە ناودەبات دەستگیرکرا.


ئەو کچە مۆدێلەی کە لەگرتەڤیدیۆییەکدا ماتۆڕسکیلێک بەناوی هونەرمەند کەریم کابانەوە ناودەبات دەستگیرکرا.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر سکاڵای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان "هێلین ئاوات" دەستگیرکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو کچە مۆدێلە بەپێی ماددەی دووی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە ئێستادا بەندکراوە تا ئەو کاتەی دۆسییەکەی رەوانەی دادگا دەکرێت و دادوەر دەیبینێت.

ئەمەش دوابەدوای ئەوە هات، لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەڤیدیۆییەک بڵاوبووەوە کە تاییدا کچە مۆدێلێک، هونەرمەندی کۆچکردوو کەریم کابان بە ناوی ماتۆڕسکیلێکەوە ناودەبات، بەر لە دەستگیرکردنیشی لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا داوای لێبوردنی کردووە و وتوویەتی کە هەڵە تێگەیشتن بووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەش ژمارەیەک لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی کەمپینێکی واژۆکۆکردنەوەیان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە کەمپینەکەشدا داوای لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر ئەو کچە مۆدێلە کرا کە ئەو هونەرمەندەی بەناوی ماتۆڕسکیلێکەوە ناوهێناوە.

لە کەمپینەکەدا داوا کراوە، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە بگیرێتە بەر و داوای لێبوردن لە بنەماڵەو هاوڵاتیانی کوردستان بکات.

گۆران لوقمان، سلێمانی