سەردێڕ:

دوای پەسەندکردنی بودجە نرخی دۆلار چی لێدێت؟

فۆتۆ: 
2021-01-17

76120 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەو شێوەیەی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا هاتووە تا ساڵێک بە جێگیریی دەمێنێتەوە ناتوانرێت یاری پێوەبکرێت.


ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەو شێوەیەی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا هاتووە تا ساڵێک بە جێگیریی دەمێنێتەوە ناتوانرێت یاری پێوەبکرێت.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەیی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان ئاشکرایکرد، دیاریکردنی نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندی عێراقدایە و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی نوێنەران هیچ پەیوەندییەکیان پێوەی نییە. هەربۆیە لە ساڵی داهاتودا ناتوانن نرخی دۆلار بەرزبکەنەوە یان دایبەزێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، نرخی دۆلار بەو شێوەیەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا هاتووە، بە لایەنی کەمەوە تا ماوەی یەک ساڵ بە جێگیریی دەمێنێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو نرخەی لە ئێستادا مامەڵەی دۆلاری پێوەدەکرێت کاریگەری نەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەگەر جارێکی تر دەستکاری بکرێتەوە ئەوا ئەو کەسانەی داهاتیان سنوردارە زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

لە ماوەی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر هەزار و ٤٥٠ دیناری عێراقی دانا و بەمەش ناڕەزایەتی و توڕەبوون و خۆپیشاندانی لە شەقامی عێراقیدا بەدوای خۆیدا هێنا.