سەردێڕ:

فۆکس نیوز: موشەکەکانی ئێران لە نزیک فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمریکی کەوتنەخوارەوە

فۆتۆ: 
2021-01-17

31255 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی ھەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، چەند موشەکێکی دوورمەودای وڵاتی ئێران لەنزیک کۆمەڵەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکانی نیمیتز لە زەریای هیندیدا کەوتوونەتە خوارەوە.


تۆڕی ھەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، چەند موشەکێکی دوورمەودای وڵاتی ئێران لەنزیک کۆمەڵەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکانی نیمیتز لە زەریای هیندیدا کەوتوونەتە خوارەوە.

فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی سەربازی وڵاتەکەیانەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، موشەکە ئێرانییەکان بەشێوەیەکی 'مەترسیدار' لە نزیک کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکە کەوتوونەتە خوارەوە بە جۆرێک ١٠٠ میل لە کۆمەڵەی کەشتییەکانەوە دووربوون.

بەرپرسە ئەمریکییەکان باسیان لەوەشکردووە، یەکێک لە موشەکەکان لە دووری ٢٠ میل لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە کەوتووەتە خوارەوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکان دەشڵێن، لە رێگەی مانگە دەستکردەکانیانەوە دڵنیابوونەتەوە، کە موشەکەکان لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستەکراون.

لە دوو رۆژی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران لە مانۆڕێکی سەربازیدا چەند موشەکێکی بالستی تاقیکردەوە و رایانگەیاندبوو، "موشەکە تاقیکراوەکان جۆراوجۆر و جیاواز بوون و توانیویانە ئامانجە دەریاییەکانی دوژمن بە سەرکەوتوویی تێکبشکێنن."

لە ٣١ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت بڕیاریدا، کەشتی فڕۆکەهەڵگری نیمیتز لە کەنداو بکشێتەوە، وەك ئاماژەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە سەروبەندی یەکەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەڵام دواتر فەرمانەکەی کشاندەوە.

کشاندنەوەی فەرمانەکەی کریستۆفەر میلەر هاوکاتبوو لەگەڵ هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران لە دژی دۆناڵد ترەمپ، کە رایانگەیاندبوو، ناهێڵن سەرۆکی ئەمریکا لە دادپەروەری هەڵبێت و هەوڵدەدەن تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ناوخۆی ئەمریکاوە بکەنەوە.

لە ئێستاشدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا توندتربوون بەهۆی سەپاندنی چەندین سزای نوێ بەسەر کەرتی ئابوری و بانکی و بازرگانی و کانزا و نەوتی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە.

لە بەرامبەردا، جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەیدا باسی لەوەکردبوو، ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا کار بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنامەی ئەتۆمی (٥+١) لەگەڵ ئێران دەکات، ھەر ئەمڕۆش بایدن، ویندی شێرمانی وەک دانوستانکاری ئەمریکا بۆ پرسی رێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دیاریکرد، کە میدیاکانی ئەو وڵاتە ئەوە بە هەنگاوێک بۆ ئەو ویستەی بایدن دادەنێن.