سەردێڕ:

لەبارەی کاتی دابەشکردنی موچەوە روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-01-16

127272 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٣٠٠ ملیار دیناریان بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لەبەردەستتدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی دابەشکردنی موچەیان پێنەگەیشتووە.


سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٣٠٠ ملیار دیناریان بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لەبەردەستتدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی دابەشکردنی موچەیان پێنەگەیشتووە.

باسی لەوەشکرد، کە حکومەت بەنیازە رێکارێکی نوێ بۆ دابینکردنی پارەی موچەی فەرمانبەران بگرێتەبەر، ئەویش بەوەی کە ٪٥٧ی موچە لەرێی پارێزگای هەولێرەوە و ٪٤٣شی لە رێگای پارێزگای سلێمانییەوە بێت.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی بۆ ئێن ئاڕ تی خستەڕوو، "کە بڕیارە حکومەت لە دوای داهاتی نەوتییەکانەوە ئەو بڕە لەو دوو پارێزگایەوە بەدەستبهێنێت"، وتیشی، کە لێبڕینی موچە بەپێی ئەو داهاتە دەبێت، گەر زیاد یان کەم بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەشت موچەی دابەشکردبوو، کە تەنیا پێنج موچەیان هی ٢٠٢٠ خۆی بووە و سێ موچەکەی دیکە هی ساڵی ٢٠١٩ بووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، "بەمزووانە وەزارەتى دارایى لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە بۆ دیاریکردنی کاتی دابەشکردنى موچەی فەرمانبەران رادەسپێرێت."

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ