سەردێڕ:

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دواخستنی هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵ تاوتوێ دەکەن

فۆتۆ: 
2021-01-14

2340 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح ئاشکرایکرد، سی سەرۆکایەتیەکەی کۆمار و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی وڵات کۆبوونەتەوە و بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی ناو کۆبوونەوەکە، دواخستنی هەڵبژاردنەکەیان بۆ ١٥ی ١١ی ٢٠٢١ تاوتوێکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد کەنانی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان رایگەیاند، حکومەت ناتوانێت لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات.

راشیگەیاند، ئەگەر حکومەت دەیەوێت هەڵبژاردنێک ئەنجامبدات ئەنجامێکی چاوەڕوانکراو و خواستراوی لێ بکەوێتەوە، ئەوا پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی ناو کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی کۆمار و پەرلەمان وئەنجومەنی وەزیران، ئارەزوی دواخستنی هەڵبژاردنەکەیان کردووە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەندێک لە هێزە سیاسییەکان ئامادەی هەڵبژاردن نین، بە تایبەتی ئەو حزبانەی لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانەوە پشتگیریان دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا هەرسێ سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی مانگی ٦ی عێراق. پێشتریش موقتەدا سەرد رابەری رەوتی سەدر داوای دواخستنی هەڵبژرادنەکەی کردووە.