سەردێڕ:

ئەندامێکی پەرلەمان: توانراوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا موچە دابینبکرێت

موچەی مانگی ١١ی ٢٠٢٠ی فەرمانبەرانی هەرێم
فۆتۆ: 
2021-01-14

115829 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی خاڵە سنورییەکان تواندراوە بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد و بە لێبڕینی ٢١٪ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهجەت عەلی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، "پاش ئەوەی حکومەتی هەرێم چاکسازی لە دەروازە سنورییەکاندا کردووە، داهاتی خاڵە سنورییەکان زیادی کردووە".

راشیگەیاند، بەهۆی زیادبوونی داهاتی خاڵە سنورییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، حکومەتی هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەند توانیویەتی موچەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو (مانگی ١١ی ٢٠٢٠)ی فەرمانبەرانی بە لێبڕینی رێژەی ٢١٪ دابینبکات.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕی ٨٩٥ ملیار دینار شایستەی دارایی موچەخۆرانە، بەهۆی لێبڕینی رێژەی ٢١٪ی موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی ٥٠٪ موچەی پلە باڵاکان حکومەت موچەی فەرمانبەرانی دابینکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، عێراق بەشەبودجەی هەرێمی نەناردووە و "ئەمەش سەرپێچییەکی تری یاساییە حکومەتی عێراق بەرامبەر موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم دەیکات، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم پابەندی سەرجەم داخوازییەکانی حکومەتی ناوەند بووە".

پێشتر، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، بەمزووانە وەزارەتى دارایى لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە بۆ دیاریکردنی کاتی دابەشکردنى موچەی فەرمانبەران رادەسپێرێت.

سێ رۆژ لەمەوبەریش، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و راژەی گشتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ١٥ی ١ی ٢٠٢١ەوە ده‌ست به ‌دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كاته‌وه‌ و بۆ ئەوەش، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری لیسته‌كانی ئاماده‌كردووه‌.