سەردێڕ:

دەستپاکی عێراق دەستی بەسەر هەزاران رەگەزنامەی ساختەدا گرت

فۆتۆ: 
2021-01-14

4520 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد، لە بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و رەگەزنامەی پارێزگای دیالە دەستی بەسەر چوارهەزار و ٣٣٣ مامەڵەی ساختەدا گرتووە کە هەوڵدراوە رەگەزنامەی عێراقی بۆ کەسانی بیانی دەربکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیاندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، تیمێکی سەر بە نوسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکەیان لە پارێزگای دیالە توانیویەتی لە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی لە قەزای خانەقین دەست بەسەر هەزار و ٣٦٠ مامەڵەی تۆمارکردنی ساختەدا بگرێت.

راشیگەیاند، لە بنەڕەتدا کۆی مامەڵە ساختەکان چوار هەزار و ٣٣٣ مامەڵەی دەرکردنی رەگەزنامەی عێراقین بەشێوەی ساختە بۆ کەسانی بیانی.

باسی لەوەشکرد، لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتن و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکاندا یەکێک لەکارمەندە ژنەکانی فەرمانگەکە دەستگیرکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا، سێ تۆمەتباری تر دەستگیرکراون کە چەندین پسوڵە و مۆری ساختەیان بەناوی چەند نوسینگە و فرۆشگای جیاجیا بەکارهێناوە.