سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانەوە دڵنیایی دەدات

فۆتۆ: 
2021-01-14

33281 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کە دڵنیایی دەدەن لە بودجەی ئەمساڵی ٢٠٢١دا، بڕى پێویستیان بۆ بەشەخۆراکى مانگانەى هاوڵاتیان دابینکردووە. دەشڵێت، دەبێت بەشەخۆراکی ئەمساڵ جیاوازتر بێت لە ساڵانی رابردوو.

حەسەن کەعبى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندووە، لە بودجەى گشتى ساڵى ٢٠٢١دا، گرنگییەکى زۆریان بە دابینکردنى بەشەخۆراکى مانگانە داوە و هەوڵیانداوە، دەرماڵەى بەشەخۆراکى مانگانە لەسەر بنەماى ساڵانی رابردوو نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەماى بودجەی ساڵى نوێ بێت بەشێوەیەکى جیاوازتر.

پێشتریش، نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، بەھۆی نەبوونی یاسای بودجەوە، ساڵی رابردوو كەمتر خۆراكی مانگانە بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشكراوە، چونكە كە بودجە نەبوو، تەنیا یەك لەسەر سێی بودجە خەرج دەكرێت، ئەوەش كاریگەری كردبووە سەر كەمكردنەوەی ماددەكانی خۆراكی مانگانە.

وتیشی، بۆ ئەمساڵ پێشنیازكراوە ماددەكانی نێو فۆرمی خۆراك لە چوار ماددەوە بۆ ھەشت ماددە زیاد بكرێن.

سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە لە عێراقدا بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ٦٦١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەڵەتی لە ٦ی  ئابی ١٩٩٠ـەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٩٠% خێزانە عێراقییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان پێدەبەست و تا ئێستاش کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان هەیە.