سەردێڕ:

پەرلەمانی کوردستان سکاڵا لەسەر دوو هونەرمەند تۆمار دەکات

فۆتۆ: 
2021-01-14

57594 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پەرلەمان، سکاڵای یاساییان لەسەر دوو هونەرمەند تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، "لێرەوە بە هەموولایەک رادەگەیەنین، هەر سووکایەتی و بێڕێزییەک بەرامبەر پەرلەمان بکرێت، رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر و بێڕێزیکاران روبەڕوی یاسا دەکەینەوە، چونکە سووکایەتیکردن بە پەرلەمان، کە نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستانە، پێمان وایە بێ رێزییە بەرامبەر هەموو خەڵکی کوردستان".

راشیگەیاند، بەشی یاسایی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە دهۆک، سکاڵای یاسایی لەسەر هەریەکە لە هونەرمەندان هەڵگورد قەهار و شیرین محەمەد تۆمارکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەک پێش ئێستا لە پەیجی خۆیان ڤیدیۆ کلیپێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا، رەخنەیان لە ئەدای کاری پەرلەمانی گرتووە.

رۆژی ٢ی ئەم مانگە، هونەرمەند هەڵگورد قەهار لە ڤیدیۆیەکدا کە لە  فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، لەگەڵ شیرین محەمەدی هونەرمەند بە گۆرانیی "رەخنەی توند"یان لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران گرت.

بۆ بینینی ڤیدیۆ کلیپەکە کلیک بکە