سەردێڕ:

"​بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار پرۆژە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە دەکرێت"

فۆتۆ: 
2021-01-14

9687 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، بە بەهای شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار گرێبەستی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە واژۆکراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە سەردانێکیدا بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کە تیایدا پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی ئامادەی بوون، ئاشکرایکرد، کە قۆناغێكی تری گرێبەستی پرۆژەی باشکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بە بڕی شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار لەسەر قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی واژۆکراوە.

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەکە بە بەهای شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە و بۆ هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تیایدا، بڕی چوار ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دۆلاری بۆ سلێمانی دەبێت و بڕی یەك ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دۆلاریشی بۆ هەڵەبجە دەبێت.

لەبارەی وردەکاری پرۆژەکەی سلێمانییەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەکەی سلێمانی بریتییە لە نۆژەنكردنەوەی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو لە تاسڵوجەوە بۆ سلێمانی و بە درێژایی ١٧ كیلۆمەتر پرۆژەکە جێبەجێدەکرێت.

هاوکات، لەبارەی جۆری پرۆژەكانی هەڵەبجەش باسی لەوەکرد، ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە، نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی چەند گەڕەكێكی ناو شارە بە درێژایی چوار كیلۆمەتر و نیو، هەروەها ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ ئاوەشۆڕكردنی پاشماوەی وێستگەی ئاوی هەڵەبجە.

ساسان عەونی لەبارەی ماستەرپلانی هەڵەبجەوە ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ماستەرپلانی هەڵەبجە و كۆمەڵێك پرۆژەی تری ستراتیژی خستووەتە ناو بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم و كۆی پرۆژە پێشنیازكراوەكان دەكاتە ٢٠٧ ملیۆن دۆلار.