سەردێڕ:

یەکێتى سەرۆکێکى دیکەی بۆ فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانى عێراق دیاریکرد

فۆتۆ: 
2021-01-14

2441 جار خوێندراوەتەوە

لاهور جەنگى رایگەیاند، ئاڵا تاڵەبانی وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشانکرا.

لاهور جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە شاری بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا ئاڵا تاڵەبانی وەک سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشانکرا.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ـی عێراق و زامنکردنی پشکی کورد لەو پڕۆژەیاسایەدا کردووە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە پێشتردا جوان ئیحسان، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى بوو لە پەرلەمانى عێراق.

ئاڵا تاڵەبانى لە ساڵى ٢٠١٨دا لەسەر لیستى هاوپەیمانێتى بەغدا خۆى بۆ ئەندامێتى پەرلەمانى عێراق کاندیدکرد و دواتریش لە هەمان ساڵدا گەڕایەوە ناو یەکێتى و بۆ ماوەیەکیش سەرۆکی فراکسیۆنەکە بووە لە پەرلەمانی عێراق.