سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: سێ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لە قەیرانی کەمی خۆراک و بێکاریدان

فۆتۆ: 
2021-01-14

371 جار خوێندراوەتەوە

بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیکەی سێ ملیۆن هاوڵاتی عێراق لە قەیرانی دابینکردنی خۆراکدان، کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خراپبوونی دۆخی ئابوری وڵات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە هۆکاری سەرەکی بوون و کاریگەری لەسەر گوزەرانی عێراقیەکان دروستکردووە.

عەبدولرەحمان میجاج بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق بەرۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، بەگوێرەی ئامارەکانی تایبەت بەچاودێری و خۆراک نزیکەی سێ ملیۆن هاوڵاتی عێراق روبەڕوی کێشە بوونەتەوە لەدابینکردنی خۆراکی پێویستدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاوارەکانی عێراق بەشێکی زۆری ئەو هاوڵاتیانە پێکدەهێنن کە روبەڕوی قەیران بوونەتەوە لە دابینکردنی خۆراکدا، بەچەشنێک لەو سێ ملیۆن هاوڵاتییە، ٧٣١ هەزاریان ئاوارەکانن.

 باسی لەوەشکردەوە، عێراق بۆ دابینکردنی بودجەی وڵاتەکەی پشت بەنەوت  دەبەستێت، دابەزینی نرخی نەوت و هەناردەی نەوت کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر دروستکردنی ئەو قەیرانە، هاوکات، دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار هۆکارێکی دیکەی ئەو قەیرانەیە کە بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی مادەخۆراکییەکان لەناو بازاڕدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوڵاتیانی عێراق جگە لەوەی کە روبەڕوی قەیرانی دارایی بوونەتەوە، قەیرانی نەبوونی کاریشیان هەیە، دەشڵێت، پێویستە حکومەت هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەدا.

لەو بارەیەشەوە میجاج دوای لە حکومەتی عێراق کردووە، کار بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی عێراق بکات.