سەردێڕ:

بەشى چوارەمى پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە هەرێم

فۆتۆ: 
2021-01-14

1041 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەشی چوارەمی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووە و لە ئێستاشدا دەست بە دابەشکردنی کراوە.

ئومێد چۆمانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی چوارەمی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە هەرێم، کە لە ١١ ملیار و ٧٣٩ ملیۆن پێکهاتووە، کە کۆی گشتی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی رابردوو، ٢٢٠ ملیار دینار بووە.

راشیگەیاند، لە ئێستادا بە کۆی گشتی نزیکەی ٥٤ ملیار دینار گەیشتووەتە هەرێم و لە ئێستاشدا نزیکەی ١٦٧ ملیار دیناری دیکە ماوە بگاتە هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی پارەکە کراوە و ئەمە قۆناغی چوارەمی پارەی گەنمی جوتیارانە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی دەکرێت، کە لە ماوەی چەند مانگی داهاتووشدا بە قۆناغ بەشەکانی دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانیش بنێردرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، جوتیاران گرفتی ئەوەیان هەیە کە بۆ ئەمساڵ بێتەوە گەنمەکانیان بە رێژە لێوەربگیرێت و وەک پێویست نەبێت، هاوکات، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاندووە، لە پلانیاندایە کە لەرێگای سێ کۆمپانیاوە لە هەوێر و سلێمانی و دهۆک، ئەو گەنمەی لە جوتیاران دەمێنێتەوە وەریبگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە،‌ تێكڕای شایستەی دارایی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی رابردوو، ٢٢٠ ملیار دینارە، واتا ١٦٧ ملیار دینار ماوە خەرج بكرێت.