سەردێڕ:

ئایا ترەمپ لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە؟

فۆتۆ: 
2021-01-14

3101 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کەمترلە هەفتەیەکی ماوە، بەڵام دیموکراتەکان سوورن لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لێی، پێش وادەی دیاریکراوی خۆی کە ٢٠ کانوونی دووەمە.

لە دوو رۆژی رابردوودا دوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تایبەت بە گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەچوو، تیایاندا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن کە کۆماریەکانیشی تێدابوو؛ دەنگی لەسەر چالاککردنی بڕگەی چواری ماددەی ٢٥ی هەمواری دەستور و لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ درا، کە ئەوەش لەسەرهێرشی لایەنگرانی بوو بۆ سەر کۆنگرێس لە رۆژی چوارشەممە ٦ی ١ی ٢٠٢١.

پێرێ سێشەممە ١٣ی ١ی ٢٠٢١،، دانیشتنی یەکەم تایبەت بە دەنگدان لەسەر چالاککردنی بڕگەی چواری ماددەی ٢٥ هەمواری دەستور لە لایەن مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە بەڕێوەچوو، تێیدا زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن دەنگیان بەو ماددە دەستوریەدا کە  تایبەتە بە دوورخستنەوەی سەرۆکی وڵات بە پاساوی 'بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی کۆشکی سپی'، بەپێی ماددەکە جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەبێتە سەرۆکی بە وەکالەتی ئەمریکا تاوەکو دەستپێکردنی کارەکانی ئیدارەی داهاتوو.

مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ پەنابردن بۆ ماددەی ٢٥ـی دەستوردا نەبوو و نەیدەویست کار بەو ماددەیە بکات بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ، هەر لەو بارەیەشەوە لە نامەیەکدا بۆ نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ناردووە و پێی راگەیاندووە، "ئەو لەگەڵ مانەوەی دۆناڵد ترەمپدایە تاوەکو رۆژی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا."

دوێنێ چوارشەممە، دانیشتنی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەچوو، تێیدا بە زۆرینەی دەنگی ٢٣٢ ئەندامی ئەنجومەنەکە کە ١٠ ئەندامیان لە کۆمارییەکان بوون، بڕیاردرا لێپێچینەوە لە  ترەمپ بکرێت، بەوەش "ترەمپ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا دوو جار لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت."

بەپێی دەستوری ئەمەریکا تەنیا ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت لێپێچینەوە  لە سەرۆک بکات، لە یەکەم قۆناغدا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر لێپێچینەوە لەسەرۆک دەدرێت و دوای پەسەندکردنی رەوانەی ئەنجومەنی پیران دەکرێت، لەوێ بڕیاردەدرێت کە ئایا سەرۆک "تاوانبارە یان نا"، ئەگەر لەوێش دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی بەدەستهێنا ئەوا سەرۆک راستەوخۆ لە پۆستەکە دووردەخرێتەوە و جێگرەکەی بە وەکالەت کارەکانی بەڕێوە دەبات.

شەوی رابردووش، بڕیاری لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا و نانسی پڵوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لێپێچینەوەکەی واژوکرد، کە دواتر ئەم بڕیارە رەوانەی ئەنجومەنی پیران دەکرێت، ئەگەر لەوێش تۆمەتەکان بەسەر ترەمپدا ساغببنەوە و بڕیارەکە پەسەند بکرێت ئەوا هەردوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە نوسراوێکی فەرمیدا جێگری سەرۆک ئاگادار دەکەنەوە کە هەمواری ٢٥ی دەستورچالاک بکات و جێگەی سەرۆک بگرێتەوە.

بەڵام تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیران دیارینەکراوە بۆ دەنگدان لەسەر لێپێچینەوە لە ترەمپ، هاوکات، پێشبینیشدەکرێت ئەنجومەنەکە تا دوای ی ٢٠مانگ کۆنەبێتەوە.

ئەگەر بڕیاری لێپێچینەوە لە ترەمپ لە دوای ٢٠ مانگیشەوە لە ئەنجومەنی پیران پەسەندبکرێت ئەوا بەگوێرەی بڕیارەکە ترەمپ جارێکی دیکە ناتوانێت خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە پێشتر باسی لەوەکردبوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵ ٢٠٢٤دا جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستەکە کاندید دەکات.

تاوەکو ئێستا هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە رێگەی لێپێچینەوەوە لانەبراوە، بەڵام بۆ ئەنجامدانی لێپێچینەوە جۆرێکی دیکە بووە، کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لێپێچینەوە لە ترەمپ پەسەندکرا بەڵام هاوشێوە بیل کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٨ و ئەندرو جۆنسۆن لە ساڵی ١٨٦٨، لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پرۆسەی لێپێچینەوەوە لێیان شکستی پێهێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دوای دەنگدان لەسەر لێپێچینەوەی لە کۆنگرێس بڵاویکردووەتەوە، داوای لە لایەنگرانی کرد بە ئارامی بمێننەوە و رایگەیاند، "توندوتیژی هیچ شوێنێکی لە وڵاتی ئێمەدا نییە، هیچ لایەنگرێکی راستەقینەم هەرگیز توندوتیژی سیاسی پەسەند ناکات."

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٦ی ئەم مانگە، لەکاتێکدا کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەستی بە دانیشتن کرد، لەو کاتەشدا ترەمپ لایەنگرانی خۆی هاندا بەرەو باڵەخانەی کۆنگرێس بەڕێبکەون و خۆپیشاندەران لەو نێوەندەشدا کە خۆپیشاندەران هەوڵی چوونە ناو باڵيخانەی کۆنگرێسیان دەدا، گرژی لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو و هاوکات، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دانیشتنەکە راگیرا.

دواتر و پاش ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایکس پێنسی جێگری دۆناڵد ترەمپ دانیشتنەکەی دەستپێکردەوە و تیایدا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەندکرا و بەوەش، ترەمپ دەبێت لە ٢٠ی ئەم مانگەدا بە ناچاری دەسەڵاتەکانی رادەستی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بکات، کە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە ڕێوەچوو.

خ،م