سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار لە گەرمیان هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە

فۆتۆ: 
2021-01-14

6922 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان رایگەیاندووە، بۆ یەکەمجار و لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، دەشڵێت، "ئەم پێشھاتە ئەگەرچی ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە، بەڵام نابێت ھاوڵاتیان ساردبکاتەوە لە خۆپارێزیی."

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان رایگەیاندووە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگدا و لەوەتەی نەخۆشی کۆرۆنای نوێ لە گەرمیان بڵاوبووەتەوە، ھیچ حاڵەتێکی نەخۆشیەکە لە گەرمیان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، واتە بۆ دوێنێ چوارشەممە، تۆمارنەکراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، کە لە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٠ـەوە، ھەموو رۆژێک حاڵەتی نەخۆشی کۆرۆنای نوێ لە سنوری گەرمیان لە میانەی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، بەڵام لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بەو نەخۆشیە تۆمار نەکراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەم پێشھاتە ئەگەرچی ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ سنورەکە، بەڵام نابێت ھاوڵاتیان ساردبکاتەوە لە خۆپارێزیی، چونکە تاکە زامن بۆ بڵاونەبوونەوەی کۆرۆنا و ھەر ڤایرۆسێکی تر، خۆپارێزیی و خۆپاراستن و گرتنەبەری پاکوخاوێنی خودییە."