سەردێڕ:

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی بە دوورخستنەوەی ترەمپ دا

فۆتۆ: 
2021-01-13

7404 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجارە لەمێژووی ئەمریکادا، کە تیایدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دووەم جار دەنگ لەسەر رێوشوێنەکانی دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەمریکا دەدات لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای لێپێچینەوە لە ترەمپ کۆبوونەوە، دواتر بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا بە دورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا. هاوکات، دوای ئەوەی ڕێژەی دەنگی پێویستی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێنا، دۆسیەکە دەچێتە بەردەم ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا. 

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە زۆرینەیان سەر بە حزبی دیموکراتەکانن، بە فەرمی داوایان لە مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد، لە هەمواری٢٥ـی دەستوور چالاک بکات بە مەبەستی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ و جێگرتنەوەی.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە و تیایدا، بە زۆرینەی دەنگ ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای لێپێچینەوە لە ترەمپ دیاریکرا.

لە هەمواری ٢٥ی دەستوری ئەمریکادا هاتووە، جێگرەکەی جێگای سەرۆک دەگرێتەوە ئەگەر هاتوو سەرۆک مرد، دەستی لەکار کێشایەوە یان لە پۆستەکەی لادرا. هەر لەو ماددە دەستورییەدا چۆنێتی گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بۆ جێگرەکەی دیاریکراوە.