سەردێڕ:

هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەمساڵ ٢٠ ملیۆن لیتر نەوتمان لە بەغداوە بۆ هاتووە

فۆتۆ: 
2021-01-13

640 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمساڵدا ٢٠ ملیۆن لیتر نەوتیان لە بەغداوە بۆ هاتووە لەکاتێکدا پێویستیان بە ١٠٨ ملیۆن لیترە. وتیشی، کە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە، نەوتیان بەسەر کەسانی کەمدەرامەتدا دابەشکردووە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، کە ئەگەرچی پێویستیان بە ١٠٨ لملیۆن لیتر نەوت هەیە، بەڵام تەنیا ٢٠ ملیۆن لیتریان لە بەغداوە بۆ هاتووە. دەشڵێت، "لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە نەوتمان بەسەر کەسانی کەمدەرامەتدا دابەشکردووە".

لەبارەی پرسی خوێندنیشەوە باسی لەوەکرد، کە رۆژی شەممە، ١٦ی مانگ دەرگای هۆڵەکانی خوێندن بۆ خوێندکارانی ١٢ی ئامادەیی دەکرێتەوە و لە رۆژی ٢ی مانگی داهاتووشدا، بڕیار لەسەر کردنەوەی دەرگای خوێندن بە رووی پۆلەکانی دیکەدا دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، جیاواز لە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ دوو وەرزی خوێندن ئەنجامدەدرێت و رەنگە وەرزی دووەمی خوێندن مانگی ٩ ئەنجامبدرێت، هاوکات کاتەکانی خوێندن و ژمارەی خوێندکارانیش لەناو پۆلدا کەمدەکرێتەوە.

لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەی خستەڕوو، تیمی تەندروستی لەناو خوێندنگاکان جێگیردەکرێت بۆ ئەوەی چاودێری تەندروستی خوێندکاران بکات و پێویستە خوێندکاران لە چوارچێوەی رێکارە تەندروستییەکان دەوامبکەن. وتیشی، بەخێوکەرانی خوێندکاران سەرپشکن لەوەی منداڵەکانیان لەناو پۆل بخوێنن یان بە ئەلیکترۆنی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا، رۆژی ١٦ی ئەم مانگە، قۆناغی ١٢ی قوتابخانەکان دەست بەپرۆسەی خوێندن بکەنەوە. هاوکات، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەریم رایگەیاند، کە لە ١ی ٣ی ٢٠٢١ەوە، دەوامی قۆناغەکانی دیکەی جگە لە ١٢ی ئامادەیی، دەستپێدەکاتەوە.