سەردێڕ:

ترەمپ بۆ لایەنگرانی: توندوتیژی مەکەن

فۆتۆ: 
2021-01-13

5708 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا راگەیەنراوێکی بۆ لایەنگرانی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا دەکات، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا خۆپیشاندانیان کرد، ئەوا توندوتیژی و گێرەشێوێنی نەکەن.

لە ئێستادا کە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دەنگدان لەسەر لێپێچینەوە لە ترەمپ بەڕێوەدەچێت، دۆناڵد ترەمپ لە راگەیەنراوێکدا داوای هێمنیی و کاری ناتوندوتیژانە لە لایەنگرانی دەکات.

لە راگەیەنراوەکەی ترەمپدا هاتووە، "لەژێر رۆشنایی ئەو راپۆرتانەی باس لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان دەکەن، من داوا دەکەم کە دوور بێت لە توندوتیژی، یاساشکێنی و وێرانکاریی".

دەشڵێت، "ئەو رەفتارانە نە پێناسەی من و نە ئەمریکاش دەکەن. هەربۆیە، داوا لە هەموو ئەمریکییەکان دەکەم هێمن بن".

وابڕیارە کەمێکی تر پرۆسەی دەنگدانەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لێپێچینەوە لە ترەمپ بەڕێوەبچێت و ئەگەر دەنگی زۆرینەی هێنا (کە پێشبینی دەکرێت دەنگی زۆرینەی ئەندامان بهێنێت)، ئەوا پرۆژەکە رەوانەی ئەنجومەنی پیران دەکرێت و لەوێش دەنگی لەسەر دەدرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک بۆ سی ئێن ئێن، میچ مەکۆنێڵ سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە بەر لە دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو سەرۆک، داوا لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی ناکات ئامادەی کۆبوونەوە بن، بەوەش پێناچێت تاوەکو ترەمپ سەرۆک بێت دەسەڵاتەکانی بۆ مایک پێنس بگوازرێتەوە. بەڵام ئەگەر پرۆسەی لێپێچینەوە لەدوای دەستبەکاربوونی بایدنیش بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دەدات، داوا لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت ماددەی ٢٥ی دەستور چالاکبکات و جێگای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە بگرێتەوە.

لە ماددەی ٢٥ی دەستوری ئەمریکادا هاتووە، جێگرەکەی جێگای سەرۆک دەگرێتەوە ئەگەر هاتوو سەرۆک مرد، دەستی لەکار کێشایەوە یان لە پۆستەکەی لادرا. هەر لەو ماددە دەستورییەدا چۆنێتی گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بۆ جێگرەکەی دیاریکراوە.