سەردێڕ:

ئەمریکا سوپاسالاری حەشدی شەعبی خستە لیستی تیرۆرەوە

فۆتۆ: 
2021-01-13

6024 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، عەبدولعەزیز محەممەداوی (ئەبو فەدەک)، سوپاسالاری حەشدی شەعبی خستە لیستی تیرۆرەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەشتی ئەم مانگە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا سەپاند، کە لە پێشتردا، فالح فەیاز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش بوو.

هاوکات، پێشتریش، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە هەمان تۆمەت و بەهۆی نزیکیان لە ئێران سزای بەسەر چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبیدا سەپاندبوو.

ئەم بڕیارە نوێیەی واشنتن لەکاتێکدایە، ٧ى ئەم مانگە، دادگاى رەسافە لە بەغدا بە تۆمەتى کوشتنی ئەبوهەمدی موهەندیس، فەرمانی دەستگیرکردن و لێپێچینەوەى بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەرکرد.