سەردێڕ:

ترەمپ بە جانتا ئەتۆمییەکەیەوە واشنتۆنی بەجێهێشت

فۆتۆ: 
2021-01-13

18359 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی بڵاویانکردەوە، دوێنێ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەیان لە واشنتۆنی پایتەختەوە بەرەو ویلایەتی تەکساس بەرێککەوتووە. هاوکات، هێشتا ئەو جانتایەی کە کۆدی تەواوی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکای تێدایە، هاوەڵێتی دەکات.

سەرباری ئەمەش، لە سەروبەندی سەرهەڵدانی پشێوییەکانی هەفتەی رابردووی بەردەم باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە، پەیوەندی بە مارک میڵیی بەڕێوبەری ستافی هاوبەشی کۆشکی سپی کردووە و گفتوگۆی ئەو رێگایانەی کردووە کە رێگری لە مانەوەی جانتا ئەتۆمییەکە دەکات لەگەڵ دۆنالد ترەمپدا.

چەند رۆژێک لەمەوبەریش، ویڵیام پێری وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا داوای لە جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد، "دەست لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆلکردنی کۆدەکانی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا هەڵبگرێت"، جەختی لەوەشکردەوە، "هێشتا کۆدی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە دەستی دۆناڵد ترەمپدایە".

جانتا ئەتۆمییەکە، کە بە "تۆپی ئەتۆمی"ش ناسراوە، لە سەروبەندی قەیرانەکانی هێرشە موشەکییە کوباییەکانەوە لە ساڵی ١٩٦٢دا، لەوکاتەوە هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا لەگەڵ جێهێشتنی کۆشکی سپیدا، جانتا ئەتۆمییەکە هاوەڵێتی دەکات.

ئەمە یەکەم گەشتی دۆناڵد ترەمپە لە دوای سەرهەڵدانی پشێوییەکانی سەر باڵەخانەی کۆنگرێس و تەواوی ئەو گرژیانەی کە بوونە هۆی تێکدانی بارودۆخی ئاسایشی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە بەردەم کۆنگرێسی ئەو وڵاتە و بە مەبەستی رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بەوهۆیەشەوە گرژیی و پشێویی هاتە ئاراوە و پێنج کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوو