فۆتۆ:
2021-01-13
17412 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، رۆژی ١٦ی ئەم مانگە خوێندنی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە دەستپێدەکاتەوە و پڕۆگرامیش بە ریزبەندی دەخوێندرێت. دەشڵێت، خوێندکاران سەرپشکن لەوەی لەناو پۆلدا یان بە ئەلیکترۆنی بخوێنن.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان:
پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، ١٣ی ١ی ٢٠٢١ی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبووانی بەڕێزان لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بریاردرا :
١- رۆژی شەممە ١٦ی ١ی ٢٠٢١، خوێندن لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.
٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت. رۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بلاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.
٣- لەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بە مەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەو کاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لەناو قوتابخانە دا.
٤- لە رۆژی شەممە ١٦ی ١ تا ماوەی یەک هەفتە، ئەو بژاردەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە و لە قوتابخانەکان پڕدەکرێتەوە، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لەناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابینبکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی دەبێت لەناو پۆل ئەنجامبدات.
٥- رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێت و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوامبوونی خوێندنە، بۆ ئەو مەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن، کە بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووە، هەماهەنگی دەکەن بۆ باش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
٦- لە رووی پرەنسیپەوە، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەندکرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی و پەیمانگاکان، حکومی و ناحکومی، کە لە ١ی ٣ی ٢٠٢١ دەستپێبکات، لە ٢ی ٢ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی و هەر بڕیارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە (بۆ قۆناغەکانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی) بەگوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نوسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.