سەردێڕ:

دووەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ لێپێچینەوە لە ترەمپ دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2021-01-13

2278 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دانیشتنی دووەمی تایبەتی بۆ گفتوگۆکردن و پاشان دەنگدان لەسەر لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ دەستپێکرد. چاوەڕێدەکرێت، ئەنجومەنەکە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدات کە تیایدا، داوا لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت جێگای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە بگرێتەوە.

پێشبینیش دەکرێت، پرۆسەی دەنگدان بە پرۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت، بەجۆرێک، جگە لە زۆرینەی رەهای ئەندامە دیموکراتەکان، کە خۆیان لە زیاتر لە ٢١٥ ئەندام دەبیننەوە، هاوکات لە ١٠ تاوەکو ٢٠ ئەندامی کۆماریش دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدەن.

ئەمەش یەکەمجارە لەمێژووی ئەمریکادا، کە تیایدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دووەم جار دەنگ لەسەر رێوشوێنەکانی لەکارخستنی سەرۆکی ئەمریکا دەدات لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا. 

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە زۆرینەیان سەر بە حزبی دیموکراتەکانن، بە فەرمی داوایان لە مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد، ماددەی ٢٥ـی دەستوور چالاکبکات بە مەبەستی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ و جێگرتنەوەی.

لە ماددەی ٢٥ی دەستوری ئەمریکادا هاتووە، جێگرەکەی جێگای سەرۆک دەگرێتەوە ئەگەر هاتوو سەرۆک مرد، دەستی لەکار کێشایەوە یان لە پۆستەکەی لادرا. هەر لەو ماددە دەستورییەدا چۆنێتی گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بۆ جێگرەکەی دیاریکراوە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە و تیایدا، بە زۆرینەی دەنگ ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای لێپێچینەوە لە ترەمپ دیاریکرا.

پێشتر، کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە مایک پێنسەوە بڵاویکردەوە، کە ناوبراو ئامادەی هەنگاوێکی لەو جۆرە نییە، مەگەر لە حاڵەتێکدا، "دۆناڵد ترەمپ زیاتر وڵاتەکە بخاتە مەترسییەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٦ی ئەم مانگە، لەکاتێکدا کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەستی بە دانیشتن کرد، دۆناڵد ترەمپ لایەنگرانی خۆی هاندا بەرەو باڵەخانەی کۆنگرێس بەڕێبکەون. خۆپیشاندەران بەڕێکەوتن و چوونە ناو باڵەخانەکەوە و گرژی دروستبوو، هەر بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دانیشتنەکە راگیرا.

دواتر و پاش ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایکس پێنسی جێگری دۆناڵد ترەمپ دانیشتنەکەی دەستپێکردەوە و تیایدا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەندکرا و بەوەش، ترەمپ دەبێت لە ٢٠ی ئەم مانگەدا بە ناچاری دەسەڵاتەکانی رادەستی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بکات.