سەردێڕ:

لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندنی لە قوتابخانەکان دەرکرد

سەرەتا تەنیا بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەیی
فۆتۆ: 
2021-01-13

66052 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆی لیژنەى باڵاى روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم بڕیاردراوە بە رێکاری خۆپارێزییەوە، دەوامی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستپێبکاتەوە.

راشیگەیاند، بەگوێرە زانیارییەکان، بڕیاردراوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا و قۆناغ بە قۆناغ دەوامی پۆلەکانی دیکەی خوێندنیش دەستپێبکاتەوە.

دەستپێکردنەوەی دەوامی پۆلێکی قوتابخانەکانی هەرێم لەدوای راگیرانی دێت بۆ زیاتر لە دوو مانگ. سەرەتا لە ١ی ١١ی ٢٠٢٠ بڕیار لە راگرتنی دەوام تاوەکو ١ی ١٢ی ٢٠٢٠ درا. دواتریش لەو رێککەوتەوە تاوەکو ئەمڕۆ راگیرابوو.

دوێنێ، تریفە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پەرورەدەی رۆژهەڵات لە سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وابڕیارە رۆژی شەممە، ١٦ی ئەم مانگە دەوامی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە ناوەندەكانی خوێندنی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.

بە بیانوی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پرۆسەی خوێندن لە مانگی ٢ی ساڵی رابردووەوە لە هەرێمی کوردستان راگیرا، دوای چەند مانگێکیش لەوە، خوێندن کرا بە ئەلیکترۆنی، بەڵام بە وتەی مامۆستا و خوێندکار و شارەزایانی بواری پەروەردە ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو نەبوو.

ئەحمەد مستەفا، هەولێر