سەردێڕ:

پێشنیازەکانى یەکێتى مامۆستایان بۆ دەستپیکردنەوەى خوێندن کامانەن؟

یەکێتی مامۆستایان: پێویستمان بە ٣٠ بۆ ٣٢ هەفتەیە
فۆتۆ: 
2021-01-13

10605 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى سەرۆکى یەکتى مامۆستایان رایگەیاند، پێشنیازکراوە لەمساڵدا یەک وەرز بخوێندرێت و وەرزی دووەم بخرێتە ساڵی داهاتووەوە.

عەبدولواحید محەمەد، جێگرى سەرۆکى یەکتى مامۆستایانى کوردستان بە ئێن ئار تى راگەیاند، "وەک یەکێتیەکەمان پێشنیارمانکردووە لەمساڵدا یەک وەرز بخوێندرێت و وەرزی دووەم بخرێتە ساڵی داهاتوو"، دەشڵێت، "وەک یەکێتى مامۆستایان پێشتر پڕۆژەیەکمان ئامادە کرد و رادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا ووەزارەتی پەروەردەى هەرێم کرد وەک دوولایەنى بەرپرس لە پڕۆسەى خوێندندا کە لە ئێستادا بەشێکى جێبەجێکراوە و بەشێکى زۆریشى جێبەجێ نەکراوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "هیوادارین ئەمڕۆ لیژنەى باڵاى رووبەڕووبونەوەى کۆرۆنا بریارێکى دروست بدات کە تێیدا رەچاوى ساڵى خوێندنى خوێندکاران و ئەو ماوەیە بکەن کەماوەتەوە".

ئەوەشى خستەڕوو، "پرۆسەى پەروەردەى باش کە تێیدا پرۆگرامەکان بخوێندرێت پێویستمان بە ٣٠ بۆ ٣٢ هەفتە یان ٢٠٠ رۆژ هەیە، بێگومان بۆ ئەمساڵ ئەو کاتە لەبەر دەستدا نیە".

ئەمرۆ لیژنەى باڵاى رووبەڕووبونەوەى کۆرۆناى هەرێم کۆدەبێتەوە و تێیدا پرسەکانى بودجەى هەرێم و دەستپیکردنەوەى پرۆسەى خوێندن تاوتوێ دەکات.