سەردێڕ:

نامەکەی عەلى حەمەساڵح بۆ کازمی و مەسرور بارزانى چی تیادا هاتووە؟

فۆتۆ: 
2021-01-13

4736 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ٧٨ ملیار دۆلار لە رێگای ٤٦ بانکی عێراقەوە چووەتە دەرەوە کە ١٢ ملیاریان لە رێگەی چوار بانکی ھەرێمەوە بووە، بەڵام دیارنییە ئەو کەسە کێیە پارەکەی ناردوەتە دەرەوە.

عەلى حەمەساڵح پەرلەمانتاری کوردستان لە نامەیەکدا کە لە فەیسبووکى خۆیەوە ئاڕاستەى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کردووە دەڵێت، چەندین زانیاریی و بەڵگەنامەی پەیوەست بە بردنە دەرەوەى پارە بە شێوەی نایاسایی و سپیکردنەوەی ھەیە، دەشڵێت، گەڕاندنەوەی ئەم پارانە رێگایەکی دروست و یاساییە بۆ دەرچون لەم قەیرانە دارایی و ئابوریە.

باسی لەوەشکردووە، چەندین زانیاری و بەڵگەنەیان لەبەردەستە و ئامادەن ھاوکارییان بکەن، ئەگەر ئەوان بڕیاربدەن کاری لەسەر بکەن.

عەلى حەمەساڵح داواشیکردووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستبکرێت و ھەماھەنگی لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان پشتبەستوو بەچەند سەرچاوەیەکى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ەوە زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار بە نایاسایی براوەتە دەرەوەى عێراق، کە دەوترێت 'هى بەرپرسەکانن'.