سەردێڕ:

پارێزگاری‌ سلێمانی: داواده‌كه‌ین پرۆسه‌ی خوێندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌

فۆتۆ: 
2021-01-13

32792 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری‌ سلێمانی داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسه‌ی خوێندن دەکات و دەڵێت، "ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێی‌ ته‌واوبونی‌ مه‌ترسی‌ كۆرۆنا بكه‌ین كۆتایی نایه‌ت."

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری‌ سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگاکانەوە رایگەیاند، "داواده‌كه‌ین پرۆسه‌ی خوێندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێی‌ ته‌واوبونی‌ مه‌ترسی‌ كۆرۆنا بكه‌ین كۆتایی نایه‌ت."

پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت "وەزارەتی پەروەردە چەند پێشنیازێکیان کردووە، کە پۆلی ١٢ لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دەست بە خوێندن بکەنەوە و پێشنیازێکی دیکەش کراوە، کە رۆژی ١ی شوبات دەست بە خوێندن بکرێتەوە بە (تەناوب) لە ناوەندەکانی خوێندن بە مەرج و رێکارە تەندروستییەکان، ئەگەرنا لە ١ی ئازاردا دەست بە خوێندن بکرێتەوە بە تەواوەتی و بەردەوام و ئەگەر ئەوە سەرکەوتووبوو لەو وەرزەدا وەرزی دووەم بخرێتە مانگی ئەیلوول بۆ تەواوکردنی خوێندن."

هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنچینەی راپۆرتی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە و لیژنە تایبەتمەندەکان، بڕیار لەسەر دەستکردنەوە بە پرۆسەی خوێندن یان درێژکردنەوەی راگیرانەکەی دەدرێت.

هەر ئەمڕۆ، بریکارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕیار لەسەر پڕۆسەی خوێندن دەدرێت و ئەوان وه‌كو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كردنه‌وه‌ یان نه‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كانیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نییه‌ و هه‌موو شتێكیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ شکست نه‌هێنێت.

پێشتریش، تریفە عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەرورەدەی رۆژهەڵات لە سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وابڕیارە رۆژی شەممە، ١٦ی ئەم مانگە دەوامی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە ناوەندەكانی خوێندنی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.