سەردێڕ:

شارەوانی ھەولێر لەبارەی دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ چەند شوێنێک روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-01-13

3314 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی شارەوانی ھەولێر رایگەیاند، ئەو زەوییانەی دابەشکراون یان بە قەرەبوو دراون بە ھاوڵاتییان ھەمووی خزمەتگوزارییان بۆ بردراوە و ئەوانەی باس لەوە دەکەن خزمەتگوزارییان بۆ نەبردراوە 'راست نییە.'

سیامەند کەریم وتەبێژی شارەوانیی ھەولێر بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، "ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، کە گوایە نزیکەی ١٠٠ ھەزار پارچە زەوی لە سنوری ھەولێر ھەن و خزمەتگوزارییان بۆ نەبردراوە راست نییە، چونکە ئەو زەوییانەی دابەشکراون یان بە قەرەبوو دراون و زەوییەکانی پێشوویان کراوە بە شەقام یان شتێکی دیکە، ئەوا خزمەتگوزارییان بۆ بردراوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ناکرێت لە شوێنێک زەوی دابەشبکرێت و خزمەتگوزاریی نەبێت، چونکە ھەموو ئەو زەوییانەی دابەشدەکرێن لە ھەرشوێنێک بن خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت، ئەگەرنا ھاوڵاتییان خۆیان رازی نابن و ناکرێت خزمەتگوزارییان نەبێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەشێک لە دانیشتوانی هەولێر لە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی شارەکە ناڕازین و دەڵێن، "خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نییە."

هاوکات، نزیکەی ١٧ ساڵیشە، زەوییەکانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە و زیاتر لە ١٦ هەزار و ٥٠٠ پارچە زەوی لەخۆ دەگرێت هەرچەندە تاپۆی زەوییەکانیان بۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئیستا مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێنەدراوە و بێ خزمەتگوزارین، سەرباری ئەوەی باجیشیان لێ وەردەگیرێت.