سەردێڕ:

ناوی ئەو سێ کوردەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندن ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-01-12

93943 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر سێ کورددا سەپاندووە، کە سەر بە هێزێکی کوردی سەر بە رێکخراوی قاعیدەن و لە سنوری عێراق و ئێران دروستبوون و چالاکی دەکەن.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناوی ئەو سێ کەسەی ئاشکراکردووە و دەڵێت، "ئیسماعیل فوئاد رەسول ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نوری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە رەحیم حەمە شەریف ئەو سەرکردانەی کوردانەی رێکخراوەکەی سەر بە قاعیدەن."

هاوکات، مایک پۆمپیۆ هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی ناسنامەی ئەو سێ کەسەوە نەخستەڕوو.

ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی وتارێکیدابوو کە تیایدا وتی، ئێران و قاعیدە بۆ ماوەی چەندین ساڵە پەیوەندییان هەیە و گروپەکە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دارایی و لۆجستی بە دەستگەشتووە.

پۆمپیۆ باسی لەوەشکردبوو، "پێویستە هەموو لایەک وەک ئەمریکا کاربکات بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی و رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری چالاکییە تیرۆرستییەکان لە ناوچەکەدا."

لە بەرامبەردا، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا ئەوەی خستبووەڕوو، "مایک پۆمپیۆی مامۆستای درۆ و دزی و خیانەت، دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی پیشەیی کارەساتباری بهێنێت، بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە درۆیەک، کە دەبێتە هۆی تاودانی ئاگری جەنگ لەناوچەکە."

ئاماژەی بەوەشکردبوو، "فێڵ لە کەس ناکرێت هەموو کەس دەزانێت تیرۆرستەکانی ١١ی سێپتەمبەر لەو ناوچانەکی رۆژهەلاتی ناوەڕاستەوە هاتبوون کە وڵاتەکەی پۆمپیۆ زۆرترین بەرژەوەندی لەگەڵیان هەیە و هیچ یەکێکیان لە ئێرانەوە نەهاتوون."

پێشتریش، کاتێک مایک پۆمپیۆ بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بوو، رایگەیاندبوو، "چەندین جار ئێرانییەکان لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە کاریان کردووە."