سەردێڕ:

شانەی ئەمنی عێراق: حەوت چەکداری داعش لە کەرکوک کوژران

فۆتۆ: 
2021-01-12

878 جار خوێندراوەتەوە

شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە هێرشێکی فڕۆکەکانی هاوپەیماناندا بۆسەر مۆڵگەکانی داعش لە عێراق، حەوت چەکداری داعش لە پارێزگای کەرکوک کوژران و پێنج چەکداریش دەستگریکراون.

ئەمڕۆ سێشەممە، شانەی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەکانی هاوپەیماناندا حەوت چەکداری داعش لە دۆڵی شای لە پارێزگای کەرکوکدا کوژراون.

ئەوەش هاتووە، سەرەڕای ئەوەی تەرمی حەوت چەکداری داعش دۆزراوەتەوە لە دووری ١٠ مەتریشەوە لە شوێنی هێرشەکە تونێلێکیشیان دۆزیوەتەوە، کە بەهۆی هێرشەکانەوە خاپووربووە

لای خۆشییەوە، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، ھێزەکانی دژەتیرۆر لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، چەکدارێکی داعشیان لە بەغدا پایتەخت و دوو چەکداری دیکەیان لە قەزای فەلوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکردووە و دوو ئۆپراسیۆنیان لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامداوە و تیایدا دوو چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە.