سەردێڕ:

لەبارەی باج خستنەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتی هاوڵاتیان روونكردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-01-12

16749 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری هەرێم رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ باجێكی زیادنەكردووە و ئەوەی كە هەیە، رێكخستنەوە بۆ باجەكان تەنیا ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان دەگرێتەوە.

كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باجەكان و خانووبەرەی میری هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، "ئەو بڕیارانەی كە دوێنێ بە واژۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەرچوون، زیادكردنی باجی تێدا نییە، تەنیا رێكخستنەوەی وەرگرتنی باجە، ئەویش بە‌ وەرگرتنی باجی راستەقینە لە كۆمپانیاكان".

باسی لەوەشكرد، لەبارەی باجی سەر ئۆتۆمبێلیش، دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیانی كوردستان، كە بۆ ئەو بابەتە رێنمایی دەردەچێت و تەنها ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان دەگرێتەوە، نەك ئۆتۆمبێلی ئاسایی كە زۆرینەی خەڵك لە كوردستاندا هەیانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم بڕیارەكان لە ماوەی ٦٠ رۆژ پاش دەرچوونی فەرمانەكە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە و چاوەڕێش دەكەن داهاتی باج بەم رێكارانە زیادببن، چونكە رێكخستنەوەی باشی بۆ دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، "ساڵی رابردوو بە هۆی نەدانی باجەوە زیاتر لە ١٠٠ كۆمپانیا دراونەتە دادگا و چەندین كۆمپانیاش سزادراون".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، رۆژی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاریدا باج لەسەر ئۆتۆمبێل دابنێت و ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێك لە هاوڵاتیانی لێكەوتەوە.