سەردێڕ:

'لە دوو ناوچەی هەرێم دوو کەس کوژران'

فۆتۆ: 
2021-01-11

8653 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تەرمی گەنجێک کە شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە بووە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، لەلایەکی دیکەشەوە، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی دەستڕێژی گولەوە گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵ گیانی لەدەستدا، دوو کەسیش برینداربوون.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تەرمی گەنجێک کە شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە بووە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، لەلایەکی دیکەشەوە، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵ گیانی لەدەستدا، دوو کەسیش برینداربوون. 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "ئەمشەو کاتژمێر حەوت تەرمی گەنجێک بەناوی (م، ح، ش) تەمەن ١٧ ساڵان، پیشەی خوێندکار و دانیستووی گوندی (دوگۆمان) سەر بەناحیەی سەنگەسەر لە قەزای قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی، پاش توێکاری بۆ لاشەکەی دەرکەوت شوێنەواری یەک گولـلەیەکی چەکی جۆری کڵاشینکۆف بەسەریەوە هەیە، کە بەگوێرەی زانیاریە سەرەتایەکان پێدەچێت رووداوەکە خۆکوژی بووبێت."

دەشڵیت، "پاش ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای توێکاری بۆ لاشەکەی و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی رادەستی کەسوکاری کرایەوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەکی بەکارهاتوودا."

هاوکات، بەوتەی باوکی، ئەوان چەند ساڵێکە لە گوندی بانوەقەل پاسەوانی کۆمپانیای قیرن، کوڕەکەشی لەبری ئەو چۆتە کۆمپانیاکە، بەڵام ئاگاداریان کردووە کە کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، شەریف رەحیم وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "کاتژمێر ٧ و ٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە لە قەزای چەمچەماڵ گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵ گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی تر بریندار بوون."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بریندارەکانیش دوو پیاوی تەمەن ١٩ و ٥٢ ساڵن و لە ئێستادا لەژێرچاودێری چڕن لە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ."

رزگار جەبار، چەمچەماڵ؛ شاڵاو عەلی، سلێمانی