سەردێڕ:

عێراق لەبارەی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-01-11

6355 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە تویتێکدا چاودێرێکی سیاسی توشبوونی بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، لەبەرامبەردا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "تا ئێستا تۆمارکردنی هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پشتڕاست نەکراوەتەوە."

لەوبارەوە، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە روونکردنەوەکەدا وتوویەتی، "تا ئێستا تۆمارکردنی هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پشتڕاست نەکراوەتەوە."، هیچ وردەکاری و زانیارییەکی تری نەداوە.

هاوکات، ئیبراهیم سەمیدعی چاودێری سیاسی عێراق لە تویتەر نوسیبووی، "بەپێی بەدواداچوونە پزیشکییەکان بۆ نیشانەکانی لەلایەن دکتۆر مورتەزا جەبارە و عەلی ناجح عەوادی و موهەندی عەزار دەرکەوتووە، کە توشی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە."

دەشڵێت، "کێشەی ئەو ڤایرۆسە لەوەدایە کە لە هەموو دەزگایەکی تاقیگەیی PCR دەرناچێت و پێویستە وەزارەتی تەندروستیی ئامێرەکانی نوێ بکاتەوە."   

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە بەریتانیا لە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو، جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیاندا بڵاوبووەتەوە دوابەدوای ئەوە زۆربەی وڵاتانیش گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرت و رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنایان جارێکی دیکە توندکردەوە.