فۆتۆ:
2021-01-11
1478 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە تەنیا لە ساڵی رابردوودا، ٨١٣ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون. دەشڵێت، بە کۆی گشتی لە هەرێمدا، تاوەکو ئێستا مۆڵەت بە ٣٠ هەزار و ٢٢٣ کۆمپانیا دراون.
مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفراسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو زەمینەی رەخساوە بۆ پەرەپیدانی بواری ئابوری ٣٠ هەزار و ٢٢٣ كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، كە سێ هەزار و ٣١٤ لەوانە بیانین و ٢٦ هەزار و ٩٠٦ ناوخۆیین.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەڕای قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی كۆرۆنا توانراوە لە ساڵی رابردوودا، ٨١٣ كۆمپانیای ناوخۆیی تۆماربكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە پاریزگای هەولێر دوو هەزار و ٤٦٩ كارگە مۆڵەتی كاركردنیان پێداراوە و لەوانەش ٦٩٠ كارگە لە ئێستادا كاردەكەن و ٧٧٩ كارگەش لەگەڕكەوتوون لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەلی كار بۆ هەشت هەزار ٨٧١ کەس رەخساوە.
باسی لەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە سلێمانی هەلی كار بۆ هەشت هەزار و ٩٥ کەس رەخساوە و هەزار و ٢١ كارگە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە و ٥٥٥ لەوانە لە ئێستادا كاردەكەن و ٤٦٦ی دیكەش لە گەڕكەوتوون.
وتیشی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە دهۆك ٣٦١ مۆڵەتی كارگە دراوە و لەوانەش ٢١٦ كاردەكەن و ١٤٥ لەوانەش لەگەڕكەوتوون و حەوت هەزار و ٣٤٨ هەلی كاریش لەو پارێزگایە رەخساون.