سەردێڕ:

پۆمپیۆ: ئێران چوار دەیە لەمەوبەر چەکی کیمیایی بەکارهێناوە

لە شەڕی لیبیادا
فۆتۆ: 
2021-01-11

8487 جار خوێندراوەتەوە

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتەری خۆی رایگەیاند، وڵاتەکەی بەڵگەنامەی پێویستی هەیە کە تیایدا دەیسەلمێنێت، ئێران لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا و لە شەڕی لیبیادا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و بازرگانیشی پێوەکردووە.

وەزیری دەرەوی ئەمریکا ئێرانی تاوانبارکردووە، بە دابینکردنی چەکی کیمیایی بۆ موعەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا لە چوار دەیە پێش ئێستادا و لە دوای کەوتنی قەزافیش، چەکە کیمیاییەکان دۆزراونەتەوە کە نوسینی فارسییان لەسەربووە.

لای خۆشیەوە، ئێران ئەو هەواڵانەی رەتکردووەتەوە کە باس لە ناردنی چەکی کیمیایی بۆ لیبیا دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە نیسانی ١٩٨٧دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە غازی خەردەلی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی دەوروبەری بەسرە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا بەکارهێناوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١دا، ٨٨ ملم تۆپی هاوەنی کیمیاییان لە پارێزگای موسەنا لە عێراق دۆزیوەتەوە، کە کاربەدەستانی عێراق دەڵێن لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەکارهاتووە.