سەردێڕ:

وتەبێژی سەدر: هەموو شیعەكانی عێراق لایەنگری ئێران نین

فۆتۆ: 
2021-01-10

1178 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند، ئەوەی دەوترێت هەموو شیعەكانی عێراق لایەنگری ئێرانن، راست نییە.

سەڵاح عوبێدی وتەبێژی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاندووە، بابەتی پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان لە عێراق كاری حكومەتە و زیانگەیاندنیش بەو نوێنەرایەتییانە، ئەوەندەی دیکە قەیرانەكانی عێراقی قوڵكردووەتەوە بە تایبەتی قەیرانی دارایی.

راشیگەیاندووە، پێویستە هاوكاری لە نێوان لایەنەكان و دەوڵەتانیش هەبێت، كە دەتوانن كاریگەری قەیرانی عێراق كەمبكەنەوە، بەڵام زیانگەیاندن بە نوێنەرایەتی وڵاتان وادەكات ئەو وڵاتانە هاوكاری عێراق نەكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی تێیكەوتووە.

وتەبێژەكەی سەدر باسی لەوەشكردووە، هەندێک دەزگای میدیایی واوێنای دەكەن، كە سەرجەم شیعەكانی عێراق سەر بە ئێرانن، بەڵام ئەوە راست نییە بەڵكو هەندێک لایەن هەن پابەندن بە وڵاتی خۆیانەوە.