سەردێڕ:

فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا: كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن پابەندنییە بەو كاتەی كازمی بۆ هەڵبژاردن دیاریكردووە

فۆتۆ: 
2021-01-10

785 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەرپرسان و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەند نین بەو كاتەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێشنیازی كردووە.


سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەرپرسان و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەند نین بەو كاتەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێشنیازی كردووە.

یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە یاسا هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، كە بۆ ئەوەش دەبێت زۆرینەی رەها لە پەرلەمان دەنگی پێبدەن و لەسەر ئەو بنەمایە رێککەوتن دەکرێت لەسەر دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، ئەو پرسەش جیاوازییەکی ریشەیی هەیە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی ئاسایی خۆیدا.

باسی لەوەشکردووە، ئەو كاتەی مستەفا كازمی پێشنیازیكردووە، بەهیچ شێوەیەک كۆمیسیۆن و دەسەڵاتداران پێوەی پابەندنابن، لەحاڵەتی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنەشدا لەوادەی خۆی پێویستە تەواو لە هەڵبژاردنەكانی دیكە جیاوازبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەبێت لایەنە جێبەجێکارەکان سەرجەم کەموکوڕییەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەتایبەت لە جیاکردنەوە و ژماردنی ئەلکترۆنی دەنگەکان چارەسەر بکەن، چونکە پشتگوێخستنی تەواوی داواکارییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی و هاتنەئارای کەلێنێک لە نێوان دەنگدەر و پڕۆسەی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی و ئەوەش بە ئاسانی پڕنابێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی ٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.