سەردێڕ:

عێراق: پڕۆتۆکۆڵی هاوکاری لە بواری ئاو رادەستی تورکیا کراوە

فۆتۆ: 
2021-01-10

1010 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، رەشنووسی پڕۆتۆکۆڵی ھاوکاری لە بواری ئاودا کە بەم دواییانە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکرا رادەستی تورکیایان کردووە.


وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، رەشنووسی پڕۆتۆکۆڵی ھاوکاری لە بواری ئاودا کە بەم دواییانە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکرا رادەستی تورکیایان کردووە.

مەھدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، رەشنووسی پڕۆتۆکۆڵی ھاوکاری لە بواری ئاودا کە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن بۆ بەردانەوەی ئاو پێویستی بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی تورکیادا لەخۆدەگرێت.

راشیگەیاندوو، متمانەیان ھەیە لەوەی تورکیا بە ئەرێنی لەگەڵ دۆسیەی ئاو مامەڵە بکات، دەشڵێت، عێراق و تورکیا خواستی راستەقینەیان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو و وەڵامدانەوەی ئەرێنیمان لەلایەن تورکیاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە بەدیکردووە.

لە ١٧ کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و پرسی بەردانەوەی ئاوی هەر دوو روباری دیجلە و فوڕات تەوەرێکی کۆبوونەوەکانیان بوو.

چاوەڕوان دەکرێت لە ١٥ی ئەم مانگە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی پڕۆتۆکۆڵی ھاوکاری لە بواری ئاودا سەردانی تورکیا بکات.