سەردێڕ:

کچەکەی رەفسنجانیی سەرۆکی پێشووتری ئێران رەخنە لە سولەیمانی دەگرێت

فۆتۆ: 
2021-01-10

9159 جار خوێندراوەتەوە

کچەکەی هاشمی رەفسنجانی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، دەستوەردانی ئێران لە سوریا ٥٠٠ هەزار کوژاوی لێکەوتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، کە باوکی نەیاری بەشداریکردنی ئێران بووە لە جەنگی سوریا.

فائیزە رەفسنجانی کچی هاشمی رەفسنجانی سەرکردەی دیاری ئێران و سەرۆکی پێشووتری ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی "ئینساف نیوز"ی ئێرانی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "قاسم سولەیمانی راوێژی بە باوکم کرد پێش ئەوەی بڕوات بۆ سوریا، باوکم داوای لێکرد نەچێت و دەستوەردان لە جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە نەکات."

راشیگەیاند، "لە ساڵیادی کوشتنی سولەیمانی، نەمانبیست کەس لەبارەی ئەوەی سولەیمانی چی کردووە و دەستکەوتەکانی چی بوون هیچ بڵێت، باوکم پیاوێکی زیرەک و دوربین بوو، ئامۆژگاری کرد نەڕوات بۆ سوریا، باوکم راستی کرد."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەپرسێت، سولەیمانی و سیاسەتی بەرگریمان چ دەستکەوتێکیان بۆ بەدەست هێناین؟ لە بوارەکانی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە و ئازادییەکان چی بۆ کردین؟ سیاسەتی بەرگریکردن شتێکی بۆ نەکردووین تا شانازی پێوەبکەین.

ئەوەشی خستەڕوو، شێوازی سیاسەتکردنمان وایکردووە هاوڕێکانمان لەدەست بدەین، سیاسەتی دەرەوەمان لە سیاسەتی ناوخۆ دەچێت، بەشێوەیەک ئەوانەی پشتگیریان دەکرد ئێستا بوونتە رەخنەگر و ئۆپۆزسیۆنی.

هاوکات، نەیشاردەوە، کە ئاواتەخوازبووە لە هەڵبژاردنەکاندا دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی بەدەست بهێنایە تا "بیتوانیایە فشاری زیاتری بخستایەتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران تا ناچاریان بکات سیاسەتیان بەرامبەر گەلی ئێران بگۆڕن"، چونکە بەقسەی فائیزە، دیموکراتەکان نەرمترن لە مەڵەکردنیان وئەمەیان پێناکرێت.

دەشڵێت، "هەموو هەنگاو هەوڵێکی ئێرانییەکان بۆ داواکردنی چاکسازی بە سەرکوتکردنی گەلی ئێرانی کۆتایی هاتووە، ئەگەر ئەمریکی بومایە دەنگم بە ترەمپ دەدا".

هاوکات، لێدوانەکانی فائیزە رەفسنجانی کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە و روبەڕوی چەندین رەخنەی توند بووەتەوە.

لەو بارەیەشەوە، موحسین هاشمی رەفسنجانی برای و سەرۆکی شارەوانی تاران داوا لە خوشکەکەی دەکات داوای لێبوردن بکات و دەڵێت، "ترەمپ جگە لە کوشتن و سزادان و سوکایەتیکردن بە ئێران هیچیتری نەکردووە، داوای لێبوردن بکە و ناوبانگی باوکت مەزڕێنە."

لەلایەکی دیکەشەوە، ئیبراهیم سوڵتانیان، یەکێک لە چالاکوانانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێکیدا دەڵێت، "پێویستە فائیزە بفرۆشن بە داعش تابزانێت سولیمانی چ دەست کەوتێکی بەدەست هێناوە".

فائیزە هاشم رەفسنجانی، کچی هاشم رەفسنجانی سەرکردەی دیاری ئێران و سەرۆکی پێشووتری ئێران و پێش کۆچکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی دەست نیشانکردنی بەرژەوەدنیەکانی دەوڵەتی ئێران بوو، فازئیزە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئێران و یەکێک لە سەرکردە چالاکەکانی باڵی ریفۆرمخوازانی ئەو وڵاتەیە.

ساڵی ٢٠١١ بەهۆی هەڵوێستەکانی و تۆمەتبارکردنی لەسەر چالاکییەکانی دژی دەسەڵات بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیکراوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەموو چالاکییەکی سیاسی ورۆشنبیری و رۆژنامەوانی لێ قەدەغەکرا.