سەردێڕ:

ئێران لە ریزبەندی ١٥یەم وڵاتی جیهاندایە لە رووی زۆری قوربانیانی کۆرۆناوە

فۆتۆ: 
2021-01-09

1060 جار خوێندراوەتەوە

ئێران لە ریزبەندی ١٥ی وڵاتانی جیهاندایە لە رووی زۆری ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆناوە، بەڵام رابەری ئایینی ئەو وڵاتە هاوردەکردنی ڤاکسینی لە ئەمریکا و بەریتانیاوە قەدەغەکردووە و ئەوەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

پاساوی عەلی خامنەیی ئەوەیە، کە متمانەیان بە ئەمریکا و بەریتانیا نییە و پێشی وایە کە ئەو دوو وڵاتە ڤاکسینەکانیان لەسەر نەتەوە و وڵاتانی تر تاقیدەکەنەوە.

ئەو قسانە هەر زوو لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە چالاکوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو قسانەیان بە یاریکردن بە تەندروستی هاوڵاتیان ناوبردووە.

جیا لەوە یەکێک لەچالاکوانانی ئێرانی وێنەیەکی ئۆگەر شاهین دامەزرێنەری کوردی کۆمپانیای بایۆنتێکی هاوبەشی فایزەری ئەمریکیان بڵاوکردووەتەوە، کە ساڵی رابردوو بەهۆی پەرەپێدانی ڤاکسینەوە خەڵاتێکی لە عەلیرەزا مەرەندی پزیشکە تایبەتەکەی خامنەیی وەرگرتووە و ئەوەشیان بە کردەوە و لێدوانی دژ بە یەک ناوبردووە.

بەشێک لە پزیشکان و پسپۆرانی تەندروستی ئێرانیش لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە پێیان وایە، کە بێبەشکردنی هاوڵاتیانیان لە ڤاکسینەکانی ئەمریکا و بەریتانیا گیانی دەیان هەزار ئێرانی دەخاتە مەترسییەوە.

هەرچی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریشە تویتەکەی خامنەیی لە بارەی ڤاکسینەکە سڕیوەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لادانی ئەو تویتانەی کە زانیاری هەڵە لە بارەی کۆرۆناوە بڵاودەکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانیش دوپاتی کردووەتەوە، وەک چۆن پێشتر داوایان کردووە کە کۆرۆنا بە سیاسی نەکرێت، لەئێستادا هەمان داوایان هەیە لە بارەی ڤاکسینەوە و نابێت ئەو بابەتە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت.

قسەکانی خامنەیی لەبارەی قەدەغەی هاوردەکردنی ڤاکسین لە بەریتانیا و ئەمریکاوە لە کاتێکدایە، پێش چەند رۆژێک عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران باسی لەوەکردبوو، پارەیان بۆ کڕینی ١٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ژەمە ڤاکسین رادەستی تەندروستی جیهانی کردووە .

پێشتریش وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندبوو، هەر ڤاکسینێک لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەند بکرێت ئەوان بەکاریدەهێنن.

تائێستا لە ئێران نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٧٥ هەزار حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراون و زیاتر لە ٥٦ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.